تاران (ZNA)ـ ئەلبوومی موزیکی “درەفشی کاویانی” بە دەنگی شەھرام نازری و بە ئاوازدانەری موزیکزانی کورد فەرید ئیلھامی، لە ئێران بڵاوکرایەوە.

DWFWEWE[1]

 

ئەلبوومی موزیکی “درەفشی کاویانی” واتە “ئاڵای کاویانی” بە شێوەی دەنگ و وێنەیی بە دەنگی گۆرانیبێژی ناوداری کورد شەھرام نازری ھەڵگری خەڵاتی شوالییەی ئاوازی ئێران، بە ئاوازدانەری موزیکزانی کورد فەرید ئیلھامی و بە پێی شیعرەکانی “شانامەی فیردەوسی” بەرھەمی ھەرمانی حەکیم “ئەبولقاسم فیردەوسی” سەبارەت بە کاوەی ئاسنگەر و ھەروەھا بە ھاوکاری ژەنیارانی کوردیی گروپی موزیکی “فیردەوسی” دوای نزیک بە دە ساڵ ھەوڵی بەردەوام، لە لایەن دەزگای نەغمە سەرای رۆژین بە بەرھەمھێنانی “سەدرەدین حوسێن خانی” و لە دانانی سەرمایەی کەسایەتیی کورد “گوودەرز تەتەری” و لە لایەن دەزگای بڵاوکراوەی “ھونەری شار” لە شارە جۆراوجۆرەکانی سەرتاسەری وڵاتی ئێران بڵاوکرایەوە.

 

موزیکزانی کرماشانی “فەرید ئیلھامی” و ئاوازدانەر و ژەنیاری بەتوانای ئامێری تەنبوور ئەلبوومی موزیکی “درەفشی کاویانی” پێشکەش بە دایکی بلیمەتی کرد کە لە سەردەمی منداڵیدا و بەھاندانەکانی ئەم دایکە میھرەبان، دڵسۆز، ھونەردۆست و ھەروەھا پشتیوانییەکانی ئەو، دەستی بە فێربوونی ئامێرەکانی تەنبوور و سێتار کردووە.

 

دوایین بەرھەمی نازری لە ئێستادا لە رێگای زۆربەی ناوەندە کەلتووری و ھونەرییەکانی ئێرانەوە لەبەردیدی ھۆگرانی موزیک، شیعر و ئەدەبیاتی ئەم وڵاتەدایە کە ئەم گۆرانیبێژە ناودارە کوردە دوای ساڵانێکی زۆر لە ئەلبوومی موزیکی “درەفشی کاویانی”دا جارێکی دیکە بە ئامێری رەسەنی تەنبوور، شانامەی خوێندووە و لەم بەھەمە موزیکییەدا کەڵکی لە مەقامە رەسەنە چەند ھەزار ساڵەکانی ھۆرە و مۆر وەرگرتووە و ھەروەھا مەقامە کۆنەکانی تەنبووری پێشکەش کردووە.

 

ناوەرۆکی “درەفشی کاویانی” سەبارەت بە یەکێک لە چیرۆکەکانی شانامەی فیردەوسییە کە لە سەرەتاوە تا کۆتایی چیرۆکەکە، بە شێوەی گێڕانەوە پێشکەش دەکرێت.

 

ھەڵبژاردنی شیعرەکان و ئاوازدانەری ئەلبوومی درەفشی کاویانی” بە پێی کەشووھەوای مەقامە رەسەنە کوردییەکانی ناوچەی کرماشان لە ئەستۆی موزیکزانی کورد فەرید ئیلھامیدا بووە و کەڵک وەرگرتن لە گێڕانەوەی ئافرەت و ھەروەھا ھاوڕێیەتی ئامێری چەنگ لەگەڵیدا یەکێکی دیکە لە ئایدیاکانی ئەم ئاوازدانەرە کرماشانییە لە ئەلبوومی موزیکی “درەفشی کاویانی”دا بووە.

 

“سارا عەباسپوور” ئەو ئافرەتەی کە بە گێڕانەی خۆی و بە پێی رەسەنایەتییەکانی گێڕانەی قاوەخانەیی و خوێندنەوەی پەردەکان و تێکەڵکردنی لەگەڵ شانۆ لەتەنیشت خاتوو “نازلی بەخشایش” وەکوو ژەنیاری چەنگ، گروپی موزیکی “فیردەوسی”یان لە ئەلبوومی “درەفشی کاویانی”دا ھاوڕێیەتی کردووە و دەرھێنانی وێنەیی ئەم ئەلبوومەش لە ئەستۆی “ئەھوورا زوالنوور”دا بووە.

 

ھەندێک لە پارچە موزیک و گۆرانییەکانی لە ئەلبوومی و “درەفشی کاویانی” کە بە شێوەی وێنەیی لە DVDیەکدا و بە شێوەی دەنگ لەCDیەکدا بڵاوکراوەتەوە بریتین لە: خوێندنی مەقام (بە پێی مەقامە کۆنە کوردییەکانی ھۆرە و مۆر)، پاشایەتی زەحاک، لەدایکبوونی فەرەیدوون، تاکژەنی تەنبوور، زەکاح بەشوێن فەرەیدوون (بە پێی مەقامی مەجنوونی و شانامەخوێنی)، سەرھەڵدانی کاوەی دادخواز، شۆڕشی کاوەی ئاسنگەر، کاوەی ئاسنگەر (بە پێی مەقامی سەحەری و شانامەخوێنی)، ھەڵدانی ئاڵای کاویانی (زەربی زۆرخانە و باستانی)، بەدیلگرتنی زوحاک لە کێوی دەماوەند لە لایەن فەرەیدوون (شەڕی نوور لەگەڵ تاریکی)، پاڕانەوە (بە پێی مەقامی سارووخانی) و ھەروەھا مەقامی جلەوشاھی باستانی و سەحەری.

 

ئەندامانی گروپی موزیکی “فیردەوسی” ئەلبوومی دەنگ و وێنەیی “درەفشی کاویانی” بە دەنگی گۆرانیبێژی ناوداری کورد “شەھرام نازری” کە لە ژەنیارانی کوردیی شارە جۆراوجۆرەکانی کوردستان و ئێران پێکھاتوون، بریتین لە: فەرید ئیلھامی ـ ئاوازدانەر و ژەنیاری تەنبوور، فەرنوود ئیلھامی ـ ژەنیاری تەنبوور، مێھراب ئیسرافیلی ـ ژەنیاری تەنبوور، ئاڕمان دەکەای ـ ژەنیاری تەنبوور، پەریسا کەڵھوڕ ـ ژەنیاری تەنبوور، سەعید نایب محەمەدی ـ ژەنیاری عوود، سابیر نەزەرگاھی ـ ژەنیاری دیوان، یۆنس پاکنیژاد ـ ژەنیاری کەمانچە، سینا عەلەم ـ ژەنیاری کەمانچەی ئاڵتۆ، نازلی بەخشایش ـ ژەنیاری چەنگ، فەرھاد سەفەری ـ ژەنیاری ئامێرە کوتراوەکان و زەربی زۆرخانە و شەھریار نەزەری ـ ژەنیاری دەف.

 

بەشێک لە ئەلبوومی “درەفشی کاویانی” بە دەنگی “شەھرام نازری”، بە ئاوازدانەری موزیکزانی کورد “فەرید ئیلھامی” و بە ھاوکاری ژەنیارانی کوردیی گروپی موزیکی “فیردەوسی” بۆ یەکەمین جار لە ساڵی ٢٠١٠ لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی موزیکی “ئۆرینتالیست” لە وڵاتی فەڕەنسا و ھەروەھا لە ھەمان ساڵدا لە چل و شەشەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی موزیکی “کارتاژ” لە تەلاری گەورەی “تیئاتری ئانتیک” لە شاری چەند ھەزار ساڵەی کارتاژ لە وڵاتی توونس بە شێوەی کۆنسێرت پێشکەشکرا و پێشکەش کردنی ئەم پارچە موزیکانە لە شانامەی فیردەوسی، یەکێک بوو لە ھەڵبژێردراوانی ئەم فیستیڤاڵە گرینگە نێودەوڵەتییەی موزیک.

 

بەشێکی دیکە لەم ئەلبوومە، لە ساڵی ٢٠١١ بۆ یەکەمین جار لە ئێران بە نازری، لە ھۆڵی میلاد لە پێشانگای نێودەوڵەتی تاران بە شێوەی کۆنسێرت پێشکەشکرا و لە لایەن ھۆگرانی موزیک و گۆرانییەوە پێشوازیی لێکرا. لە درێژەدا ھەر ئەم بەرنامەیە لە شارەکانی ئیسفەھان، شیراز، یەزد، کرماشان، ئەراک، نوور و چەندین شاری دیکە و ھەروەھا لە رۆژی رێزلێنانی فیردەوسی لە زانکۆی تاران لە دوو ساڵی جۆراوجۆردا و لە زانکۆی سەنعەتی شەریف لە شاری تاران پێشکەشکرا.

 

مەنسوور جیھانی

 

منبع : ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *